سەردێڕ:

سێ هەنگاوی ئاسان بۆ دابەزاندنی بەرزە فشاری خوێن

فۆتۆ: 
2020-03-11

14790 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكانی بەرزە فشاری خوێن، ئەگەرەكانی جەڵتەی دەماغ و دڵ وچەندین كێشەی تەندروستی دیكە زیاد دەبن، هەرچەندە زۆربەی خەڵكی لەكاتی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، پەنا بۆ بەكارهێنانی دەرزی و دەرمان دەبەن، بەڵام سێ ڕێگەی سادە و ئاسان هەیە كە فشاری خوێن هاوسەنگ دەكات و مەترسییەكانی بەرزە فشار ناهێڵێت.

لەراپۆرتێكیدا كە لەڕۆژنامەی Argumenty i Fakty ی ڕوسی بڵاوكراوەتەوە، دكتۆر یوری پیلینگۆف سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی دڵ لە ڕوسیا، باسی سێ كردەی ئاسانی كردووە كە ئەو كەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان هەیە دەتوانن لەڕێگایانەوە و بەبێ بەكارهێنانی حەب و دەرمان كۆنتڕۆڵی فشاری خوێنیان بكەن، لەوانەش خواردنی تەندروست، بەجۆرێك كە نەبنە هۆكاری بەرزكردنەوەی فشاری خوێن، وەكو خواردنە دەریاییەكان و بەكارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ دروستكردنی ژەمەكان و نانى گەنم، هاوكات دووركەوتنەوە لە سوێری و چەوری لەرادەبەدەر.

لەگەڵ بەكارهێنانی خواردنە تەندروستەكان، ئەو پزیشكە روسییە باس لە وەرزشكردنی بەردەوامیش دەكات، بەجۆرێك ئەو كەسانەی بەرزە فشارییان هەیە پێویستە ڕۆژانە كاتێك بۆ وەرزشكردن تەرخانبەكەن و هیچ هەفتەیەكیا بەبێ وەرزشكردن تێنەپەڕێت، لەبارەی چۆنێتی وەرزشكردنیش بۆ ئەو كەسانە، ئاماژە بەوەكراوە نابێت وەرزشەكەیان هێندە زۆر و ماندوكەر بێت كە لێدانی دڵیان زیاد بكات و بەڵكو وەرزشێكی مامناوەند بۆ ئەو كەسانە گونجاوە.

بە پێی راپۆرتەكەی دكتۆر یوری پیلینگۆف، ڕێكارێكی دیكە كە لە وەرزشكردن و خواردنی تەندروست گرنگترە و كاریگەرترە بۆ هاوسەنگكردنی بەرزە فشاری خوێن، وازهێنانە لە جگەرە كێشان و خواردنەوە كحولییەكان، دەشڵێت، هەركاتێك فشاری خوێن گەیشتە ١٥٠ ملیمەتری زەئبەقی (یەكەیەكی پێوانەی فشاری خوێنە)، ئەوا ئەو بەرزەفشارە لەڕێگەی وەرزشكردن و سیستەمی خۆراكی تەندروستەوە كۆنترۆڵناكرێت و پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت و بە چارەسەرە پزیشكییەكان بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە.

إ.م