سەردێڕ:

ئایا خواردنەوەی ئاو لەکاتی نانخواردندا تەندروستە؟

فۆتۆ: 
2020-03-11

15290 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس لە ژەمەکانی نانخواردندا ئاو دەخۆنەوە ئەمە لەکاتێکدا هەندێک پێیوایە زیانی تەندروستیی هەیە، بەڵام شارەزایانی بواری خۆراک ئاشکرایدەکەن خواردنەوەی ئاو لەکاتی نانخواردندا کرداری هەرس باش دەکات و کێشی لەش دادەبەزێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی میخور کون سالودی ئیسپانیدا هاتووە، یامیلا بابا پینتور نوسەری ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، خواردنەوەی ئاو لەکاتی نانخواردندا سود و زیانیشی هەیە.

ئەو نوسەرە ڕایگەیاندووە، زۆربەمان دەزانین خواردنەوەی ئاو سودی هەیە، جەستە و هەناو بە شێداری دەهێڵێتەوە و کانزا و ڤیتامینەکان بۆ خانەکانی لەش دەگەیەنێت و لەگەڵیدا ژەهر لە جەستە دەکاتە دەرەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژانە دەبێت دوو لیتر بۆ دوو لیتر و نیو ئاو بخورێتەوە.

بەگوێرەی ئەو نوسەرە ئاو کالۆری تێدا نییە، ئەگەر پێش نانی نیوەڕۆ و ئێوارە ئاو بخورێتەوە، گەدە زووتر پڕ دەبێت، هەرئەمەش هۆکاردەبێت بۆ ئەوەی بڕی کەمتر خواردن بخۆیت و کێشی لەش دادەبەزێنێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی کیمیای ئەمریکا لە بۆستن، ئەو کەسانەی پێش ژەمەکان دوو پەرداخ ئاو دەخۆنەوە بە بڕی لە %١٠ بۆ ٢٥ بڕی کەمتر کالۆری دەخۆن. زۆر کەس پێیان وایە ئەو کەسانەی کە چەوری ورگیان زیاد دەکات لە کاتی نانخواردندا ئاو دەخۆنەوە، بەڵام پزیشکان ئەم بۆچوونە بە هەڵە دادەنێن، پێیان وایە بە پێچەوانەوەیە، خواردنەوەی ئاو لەکاتی نانخواردندا هەستی تێری زیاد دەکات و بڕی خۆراک کەمتر دەخورێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی گورچیلەکان باشتر دەکات و هاوسەنگی ئاو لە جەستەدا ڕادەگرێت، هەر بۆیە دەتوانرێت لەنێوان نانخواردندا ئاو بخورێتەوە بۆ زوو هەستکردن بە تێری.

دەربارەی ئەم پرسیارە ئایا باشترە ئاوخواردنەوە پێش نانخواردن بێت یان لەکاتی نانخواردندا بێت؟

ئەو نوسەرە لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکردووە، خواردنەوەی ئاو لە پێش نانخواردندا باشترە، بەتایبەت ئاوەکە لە پلەی گەرمی بەرزدا بێت یان گەرمبێت لەبری ئاوی سارد یان ئەو ئاوەی کە پارچە سەهۆڵی تێدایە.

چی ڕوودەدات ئەگەر شەربەت و خواردنەوە گازییەکان لەبری ئاو بخۆینەوە؟

بەگوێرەی ئەو نوسەرە خواردنەوەی ئاو باشترینە، بۆ شێدارکردنەوەی جەستەش دەتوانرێت شەربەتی سروشتیی میوە و سەوزەکان بخورێتەوە، بەڵام خواردنەوە گازییەکان هەڵبژاردنێکی هەڵەیە، بەهۆی ئەو شەکرەی تێیدایە زیان بە تەندروستیی دەگەیەنێت.