سەردێڕ:

زانایەک باس لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان بە هۆی کۆرۆناوە دەکات

فۆتۆ: 
2020-03-11

22457 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی زانایان بۆ کاروباری ئابوری لە روسیا باسی لە چۆنییەتی گۆڕانی جیهان کردووە بەهۆی کۆرۆناوە و دەڵێت، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریکردووەتە لایەنی ئابوری.

ئانی ئەسلانیان، زانایەکی ئەندامە لە ئەنجومەنی زانایان بۆ کاروباری ئابوری لە روسیا رایگەیاندووە، "بەهۆی کۆرۆناوە بەشێکی شارەکان لێکدابڕاون و پەیوەندی نێوان شارەکان کەمبووەتەوە، هاوکات ئەوەش وەک هاندەرێک بووە بۆ زیاتر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژمارەیی لە زۆرینەی بوارەکانی ئابوریدا".

باسی لەوەشکردووە، "بەشێکی زۆری دامەزراوە گەورەکانی جیهان روویان لەوەکردووە بەرێگەی ئۆنلاین کارەکانیان ئەنجامبدەن، بەتایبەتیش لە بواری فێرکردن، فێرکارییەکان، کاتبەسەربردن و فرۆشتن، کە زۆرینەی بازاڕەکان کارەکانیان کردووەتە شێوەی ئۆنلاین".

ڕوونیشیکردووەتەوە، "هەر وەک بەشێکی کارمەندانی هەریەک لە کۆمپانیاکانی (ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت و لینکید ئین)، سیستمی کارکردنیان گۆڕیوە و لە ماڵەوە ئەنجامیدەدەن، کە ئەوەش وەک رێکارێکە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک ئەو کۆمپانیایانەش باسی لێوەدەکەن، کارەکانیان هیچ کاریگەرییەکی بۆ دروستنەبووە لە دوای ئەو گۆڕانکارییە".

ئەو زانایە باسی لەوەشكردووە، "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگای پەیوەندییە راستەوخۆکانی گرتووەتەوە لەو ماوەیەدا، بەتایبەتیش لە چین کە ئەو تۆڕانە رۆڵێکی بەرچاویان لە پەیوەدنی نێوان هاوڵاتیان خۆیان و حکومەتیشدا گێڕاوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) لە شاری وهانی چین بڵاوبووەوە و بە سەرجەم چیندا تەشەنەی سەند، دواتریش پەرەیسەند بۆ جیهان و لە ئێستاشدا بە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەو هۆیەوە چەندین رێکاری تایبەت لە جیهاندا و لە ناو شارەکاندا وەک رێوشوێنێک بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە گیرانەبەر.

هـ.ئـ