سەردێڕ:

ئێران.. لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٤ توشبوو گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2020-03-10

3855 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا  ٥٤ حاڵەتی گیان لەدەستدانی نوێ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، کیانوش جیهانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، "ئەو ژمارەی گیانلەدەستدانە بەرزترین ژمارەیە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە لە ئێراندا و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تۆمار کرابێت، کە بەو هۆیەوە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بۆ ٢٩١ کەس بەرزبووەوە".

باسی لەوەشکردووە، "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٨١ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون و بەوهۆیەشەوە ژمارەی توشبووان بۆ هەشت هەزار و ٤٢ کەس بەرزبووەتەوە".

راشیگەیاند، "تا ئێستا دوو هەزار و ٧٣١ کەسی توشبوو، لە پەتاکە چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە".

ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا دەکەوێتە هەریەک لە پارێزگاکانی تاران، قوم، ئەسفەهان و گیلانەوە."

هاوکات، تا ئێستا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنە ٧٨ کەس، کرماشان ٥١ کەس و لە هەمەدانیش ٧٧ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.

ئەمەش لە كاتێكدایە، لە دوای چین ئێران بە دووەم وڵاتی جیهان دێت بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایدا بەو خێراییە و ژمارەی توشبووانی هێندە زۆربێت.

رۆژی ١٨ی مانگی رابردوو، بۆ یەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قومی ئێران دیاریکرا و لە هەمان رۆژیشدا گیانیان لەدەستدا.

هـ.ئـ