سەردێڕ:

وێنە.. ئەحمەد جۆڵا و ماهیر حەسەن گۆرانی کۆرۆنا تۆماردەکەن

فۆتۆ: 
2020-03-10

16197 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەریەک لە هونەرمەندان ئەحمەد جۆڵا و ماهیر حەسەن و ئاڵا عومەر ڤیدیۆ کلیپێکی گۆرانی بەناوی "کۆرۆنا" تۆماردەکەن.

ئاسۆ جەمال موختار دەرهێنەری کلیپەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەرواری ١٠ی ئازاری ٢٠٢٠ هەریەک لە هونەرمەندان ئەحمەد جۆڵا و ماهر حەسەن و ئاڵا عومەر ڤیدیۆ کلیپێک بەناوی کۆرۆنا تۆماردەکەن.

وتیشی کلیپی "کۆرۆنا" هۆنراوەیەکە بەشێوەی تەنز داڕێژراوە کە چەندین ڕێنمایی تێدایە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئاشکرایکرد، دکتۆر شیرکۆ عەبدوڵا هۆنراوەکەی نوسیوە و ئاوازەکەی فۆلکلۆری عەرەبیە، جگە لەو سێ هونەرمەندە ستافی بەرنامەی پەتریپۆت وەک کۆرس لەگەڵیان گۆرانیەکە دەڵێنەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم دیمەنەکانی کلیپەکە لە نەخۆشخانەی شار، لە شاری سلێمانی تۆماردەکرێت کە ماوەکەی سێ خولەک و ٢٢ چرکەیە، کاری وێنەگرتنی لەلایەن مەحمود کەمالەوە بۆ دەکرێت.

لە کۆتاییدا وتی "پاش تەواوبوونی کارەکە کۆپی لێدەدرێت بەسەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوە تا هاوڵاتیان زیاتر پابەندبن بەڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

هۆنراوەی گۆرانیەکە:

وای دایە وای دایە

باس باسی کۆرۆنایە

پێیەکی لە هۆنگ کۆنگ و

پێیەکی لە بەلجیکایە

هەم دەردە هەم بەڵایە  

بە پژمەیەک تووش ئەبی

ئەوەندە بێ حەیایە

وای دایە وای دایە

باس باسی کۆرۆنایە

پێیەکی لە هۆنگ کۆنگ و

پێیەکی لە بەلجیکایە

زەندەقی هەمووان چووە

خەتای ئیعلامی تیایە

 بەس تۆزێ خۆت رابگرە

شوکر بەرەوکۆتایە

وای دایە وای دایە

باس باسی کۆرۆنایە

پێیەکی لە هۆنگ کۆنگ و

پێیەکی لەبەلجیکایە

مەچۆرە قەرەباڵغی

حەزی لە شوێنی وایە

تەوقە و ماچومووچ ناکەین

 ئیتر بەلاتا نایە

تۆمارکردنی ئەم کارە هونەرییە لەکاتێکدایە، بەپێی دواین ئاماری فەڕمی، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا ١١٤ هەزار و ٤٥٨ کەسی تێپەڕاند و چاکبوونەوەش ٦٤ هەزار و ١٠٥ کەسە، هاوكات چوار هەزار و ٢٧ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.