سەردێڕ:

نابیستەکان بە چ زمانێک بیردەکەنەوە؟

فۆتۆ: 
2020-03-06

2700 جار خوێندراوەتەوە

بە گشتی ئەو کەسانەی کە توانای بیستنیان ئاساییە دابەشدەبن بەسەر دوو کۆمەڵدا، کۆمەڵێکیان لە مێشکیاندا رستە دروستدەبێت کاتێک بیردەکەنەوە، واتا دەنگ هەیە لەمێشکیاندا و لەگەڵیان دەدوێت، کۆمەڵی دووەمیش وشە و رستەی تیانییە و تەنیا بیرکردنەوەیە، بەڵام ئایا نابیستەکان چۆن بیردەکەنەوە؟

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "Psychology Today" وەڵامی پرسیارەکە کەمێک ئاڵۆزە، چونکە کەسانی نابیست بە چەند شێوەیەک پۆلێندەکرێن، سەرەتا دوو کۆمەڵ دروستدەبن، ئەوانەی کە لە زگماکەوە نابیستن و ئەوانەی کە لەژیانیاندا هەستی بیستنیان لەدەستداوە، سەبارەت بەوانەی کە هەرگیز گوێیان لە هیچ دەنگێک نەبووە، ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم کەسانە ئەگەر زمانی ئاماژە فێربووبن ئەوا کاتی بیرکردنەوە خۆیان دێتە پێشچاو کە ئاماژەکان بە دەستیان دەکەن و بیرکردنەوەکانیان بەو جۆرەیە.

ئەگەریش فێری زمانی ئاماژە نەبووبن، وەک کۆمەڵەی دووەمی کەسانی بیسەر بیربکەنەوە، واتا لە مێشکیاندا رستە نییە و تەنیا بیرە و هیچی دیکە، یاخود تەنیا وێنە دێت بە مێشکیاندا نەک زمان.

ئەو کەسانەشی کە لە تەمەنیاندا هەستی بیستنیان لەدەستداوە، دەکرێت بەو زمانە بیربکەنەوە کە پێشتر فێریبوون، یاخود دووبارە وەک کۆمەڵی دووەم کە سەرەتا باسکران، بیرکردنەوەکانیان رستەی تێدانەبێت و تەنیا وێنە بێت.