سەردێڕ:

عێراق..حاڵەتێکى نوێى توشبووی کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-02-28

11608 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى تەندروستى کەرخى شارى بەغدا ڕایگەیاند، ئافرەتێک کە لەوڵاتى ئێران گەڕاوەتەوە لە پاش پشکنین دەرکەوتووە هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایە.

جاسب لەتیف بەرێوەبەرى تەندروستى کەرخى شارى بەغداد لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،"ئافرەتێکى تەمەن ٣٢ ساڵ کە چەند ڕۆژێکە لە وڵاتى ئێران گەڕاوەتەوە پاش پشکنین لە نەخۆشخانەى ئیمامەین دەرکەوتووە هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایە و ئەوەش دووەم حاڵەتە لە بەغداد تۆماردەکرێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە،"لە ئێستادا ئەو ئافرەتە کە هەڵگرى  ڤایرۆسەکەیە لە نەخۆشخانەى ئیمام کازمە و لە ژێرچاودێرى وردى پزیشکیدایە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجەم حاڵەتى تووشبوو بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە شارى کەرکوک تۆمارکرا و کۆى گشتى توشبوانیش بە ڤایرۆسەکە لە عێراقدا بەرزبوویەوە بۆ حەوت کەس.