سەردێڕ:

​تەندروستی سلێمانی چەند هۆشدارییەکی سەبارەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-02-28

22361 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی گشتی سلێمانی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی هەستیارە بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا لە شاری سلێمانی و دەوروبەی و دەشڵێت، پێویستە ئەوانەی لە ئێرانەوە هاتوونەتەوە سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

تەندروستی  گشتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ، "داوا لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەکەین زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن لە هەفتەی داهاتووەوە".

دەشڵێت، "ئەو هاوڵاتیانەی لە وڵاتی ئێران گەراونەتەوە پێویستە لە شوێنێکی جیاکراوە چاودێری بکرێن و بەرکەوتنیان لەگەڵ هاوڵاتیانی تر نەبێت".

  ئەوەشی خستەڕوو،"هەر هاوڵاتییەک لە وڵاتی ئێران گەراوەتەوە نیشانەکانی وەک بەرزی پلەی گەرمی و کۆکە و پژمینی هەیە پێویستە سەردانی کلینیکی چارەسەری کۆرۆنا بکات لە گەرەکی سەرچنار.

لە کۆتایدا ڕایگەیاندووە، "هەر هاوڵاتیەک سەردانی ئێرانی نەکردبێت یان بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ کەسانێک نەبوبێت کە لە ئێران گەرابێتەوە لە کاتی هەبونی نیشانەکانی پەتای ئەنفلۆنزادا پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانە بکات لە ئێستادا".

ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا بە فەرمی هیچ حاڵەتێکى توشبووی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارنەکراوە و بەڵام سەدان کەس لە ئێرانەوە بە قاچاخ هاتوونەتەوە هەرێم و لە ئێستادا مەترسی ئەوە هەیە ئەو کەسانە هەڵگری ڤایرۆسەکەبن.