سەردێڕ:

​هیندستان.. ئاڵۆزییەکانی پایتەخت بووەتە هۆی کوژرانی ٣٨ کەس

فۆتۆ: 
2020-02-28

6421 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان زۆرینە هیندۆسەکان و کەمینە مسوڵمانەکانی پایتەختی هیندستاندا کوژراون بۆ ٣٨ کەس بەرزبووەوە.

میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا مسوڵمانەکانی پایتەخت لە دژی یاسای نوێی رەگەزنامە، کە مافی زیاتر دەداتە هیندۆسەکان، خۆپیشاندانیان کرد و لەلایەن هیندۆسەکانەوە بەرپەرچدرانەوە و شەڕ و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئاڵۆزییەکان ئەوکاتە دەستیپێکرد کە کاپیل میشرا، سەرکردەیەکی "پارتی خەڵکیی هیندستان" کە لە پەرلەماندا دەنگی یەکەمیان هەیە رایگەیاند، مسوڵمانەکان پێویستە واز لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بهێنن، ئەگەر نا رووبەڕووی ئەندامانی حزبەکەمان دەبنەوە.

 ئەمەش لەکاتێکدایە، بەم دواییان دوو یاسا لە دەستووری هیندستاندا هەموارکراوەتەوە کە تێیاندا، رێگە بە هەر کۆچبەرێکی هیندۆسی وڵاتەکانی دیکە دەدات لەدوای تەواوکردنی شەش ساڵ مانەوە، بە فەڕمی ببێتە هاوڵاتی هیندستان، بەڵام ئەم مافەی بۆ مسوڵمانەکان تێدا جێنەکراوەتەوە.

بە نزیکەیی ٨٠%ی دانیشتوانی هیندستان بە رەگەزنامە لە ئایینی هیندۆسین و تەنیا ١٥%یان مسوڵمانن.

هـ.ب