سەردێڕ:

ئایا یەکێتی ئەوروپا دەروازەکانی بە رووی پەنابەراندا دەکاتەوە؟

فۆتۆ: 
2020-02-28

11278 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە رێگە بە کۆچبەران نەدرێت سنورەکان تێپەڕێنن، یۆنان و بولگاریاش بە درێژایی سنوریان لەگەڵ تورکیادا هێزە سەربازییەکانیان جێگیرکردووە.

ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، "ساڵی ٢٠١٦ تورکیا یاسایەکی دەرکردووە کە تێیدا رێگە لە هەر کۆچبەرێکی نایاسایی دەگرێت سنورەکان تێپەڕێنێت، بەو پێیە پێویستە ئێستا تورکیا خۆی رێز لە یاساکانی خۆی بگرێت."

هاوکات، بەرپرسانی یۆنان و بولگاریا رایانگەیاندووە، بە توندی سنورەکان دەپارێزن و رێگە بە هاتنەژوورەوەی هیچ کۆچبەرێک نادەن، بۆ ئەوەش بە درێژایی سنورەکانیان لەگەڵ تورکیادا  هێزی سەربازییان جێگیرکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاسەوانانی سنوری یۆنان – تورکیا گازی فرمێسکرێژیان بەسەر زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەردا کردووە کە هەوڵی چوونە ناو خاکی ئەو وڵاتەیان داوە و هاواریان کردووە، "دەروازەکان بکەنەوە".

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە میدیاکانی ئەوروپا باس لە ژمارەیەک کۆچبەر دەکەن کە لە رێگای ئاوییەوە و بە بەلەم گەیشتوونەتە دوورگەی لێسبۆس لە یۆنان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو کاروانێکی سوپای تورکیا لەلایەن سوپای سوریای ئەسەدەوە بۆردومانکرا و تێیدا، ٣٣ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران، لە بەرامبەریشدا، تورکیا جگە لە وەڵامی سەربازیی رایگەیاند، کە سنورەکانی بە رووی کۆچبەراندا بەرەو ئەوروپا دەکاتەوە.

هـ.ب