سەردێڕ:

ئێران.. ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە بەرزتربووەوە

فۆتۆ: 
2020-02-28

13280 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە بەرزتربووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٤ کەس.

میدیاکانی ئێران لە سەر زاری وتەبێژێکی وەزارەتی تەندروستى  ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨ کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و بە وپێیەش تا ئێستا ٣٤ کەس بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لە دەستداوە.

ئەو وتەبێژە ئەوەشی خستووتەڕوو، لە سەرجەم وڵاتەکەشدا زیاتر لە ٣٨٨ کەسی توشبوو بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و لەژێر چاودێریدان.

ئەم   ئامار و داتایانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە ئاماری گیانلەدەستدانەکان لە ئێران زۆر لەو ژمارەیە زیاترە لە حکومەتى ئێران ئاشکرایدەکات و  دەڵێت، زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لە ئێران توشی ڤایرۆسەکە بوون.

تا ئێستا لە ٢٠ پارێزگای ئێراندا ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە و زۆرینەی توشبووەکانیش لە شاری قومن.

 ئێران لەدوای چینەوە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی بەھۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکراوە و کۆریای باشوریش زۆرترین توشبوون.

پێشتر هەریەک لە مەحمود سادقی، پەرلەمانتار و ئیرەج حەریرچی، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران وەکو توشبووی کۆرۆنا دیاریکران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، لە شاری قومی ئێران بۆ یەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران و ھەر لە ھەمان رۆژدا ھەردوو توشبووەکە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو ھەزار و ٨٦٧ کەس و توشبوونیش بۆ ٨٣ ھەزار و ٧٣٤ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٦ ھەزار و ٤٣٩ کەس چاکبوونەتەوە.