سەردێڕ:

نرخى نەوت نزمترین ئاستى لە سێ ساڵى رابردوودا تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2020-02-27

3767 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا نزمترین ئاستى لە سێ ساڵى رابردوودا تۆمارکرد و نرخى بەرمیلێک نەوتى برینت بۆ ٥٠ دۆلار و ٥٠ سەنت دابەزى.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ى شوباتى ٢٠٢٠، نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا دابەزینى بەخۆوەبینیوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ ٥٠ دۆلار و ٥٠ سەنت دابەزی کە لە ئایارى ٢٠١٧وە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

هاوکات، نرخى نەوتى خاوى ئەمریکاش بۆ ٤٦ دۆلار و ٣٠ سەنت دابەزى.

دابەزینى نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە لە بازارەکانی جیهاندا پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و وڵاتانى جیهان کاریگەرى کردووەتە سەر هەناردەى نەوت و کڕیارانى نەوت لە جیهاندا.

بە گوێرەى ئەو راپۆرتانەى کە لەبارەى پێشبینییەکانى نرخى نەتەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵى ٢٠٢٠، نرخى بەرمیلێک نەوت لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ دۆلار بەرز و نزم دەکات ئەوەش بەهۆى رێککەوتنەکەی رێکخراوى ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها ئاڵۆزییەکانى کەنداو و ناسەقامگیرى دۆخى سیاسی چەند وڵاتێکى دیکە.