سەردێڕ:

بەغدا.. شاندی بەشێك لە حزبە کوردییەکان و عەلاوی نەگەیشتن بە رێککەوتن

فۆتۆ: 
2020-02-27

11565 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا رایگەیاند، کۆبونەوەکانی بەشێک لە حزبە کوردییەکان و عەلاوی لەبارەى حکومەتى نوێوە گەیشتە بنبەست و رێککنەکەوتن.

ئومێد مەحەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ، پێش چوونی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ بینای پەرلەمان، لەگەڵ شاندی بەشێک لە حزبە کوردییەکان و کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەشیان شکستی هێناوە نەگەشتوون بە رێککەوتن.

راشیگەیاند، لە ئێستادا کاندیدی راسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە بینای پەرلەمانە بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن.

دەشڵێت، لایەنی کوردی، زۆربەیان خۆیان یەکلاییکردووەتەوە کە لە حاڵەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا، دەنگ بە کابینەکەی عەلاوی نادەن. ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی سوننەش، لە ٦٧ پەرلەمانتاریان، تەنیا ١٥یان ئامادەی دەنگدانن بۆ کابینە نوێکەی حکومەتی عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستا سەرجەم حزبە کوردییەکان بە پارتی و یەکێتییشەوە هاوڕان لەسەر شێوازی دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و بۆ ئەو مەبەستە شاندێکیان رەوانەی بەغدا کرد، تەنیا جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەبێت هەڵوێستی جیاوازە و دوێنێش، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە لە تویتێکدا رایگەیاند، "جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك بەشێك لە شەقامی كوردی کە نزیکەى لەسەدا ٦٥ى دەنگدەرانى بەشدارى هەڵبژاردنیان نەکرد، پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكات، حكومەتێك كە نوێنەرایەتی داواكارییەكانی خەڵك بكات و دوور بێت لە كاندیدە حیزبیەكان بەو حزبە كوردییانەشەوە كە بە ساختەكاری خۆیان كردووە بە نوێنەری گەلی كورد و بڕیارەكانی كوردستانیان بە زەبری چەك و پارە و بانگەشەى نەتەوەیی قۆرخكردووە".