سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی دیکەی ئێران توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

فۆتۆ: 
2020-02-27

10118 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، موجتەبا زونور، ئەندام و سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٢ کەس و توشبووانیش بۆ ١٤١ کەس بەرزبووەوە.

باس لەوەشکراوە، تا ئێستا لە ٢٠ پارێزگای ئێراندا ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە و زۆرینەی توشبووەکانیش لە شاری قومن.

ھاوکات، یەک توشبوو لە شاری ھەمەدان و دوو توشبووش لە شاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانن.

ئێران لەدوای چینەوە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی بەھۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکراوە و کۆریای باشوریش زۆرترین توشبوون.

پێشتر هەریەک لە مەحمود سادقی، پەرلەمانتار و ئیرەج حەریرچی، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران وەکو توشبووی کۆرۆنا دیاریکران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، لە شاری قومی ئێران بۆیەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران و ھەر لە ھەمان رۆژدا ھەردوو توشبووەکە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو ھەزار و ٨٠٩ کەس و توشبوونیش بۆ ٨٢ ھەزار و ٤٤٩ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.

هـ.ب