سەردێڕ:

ئەمڕۆ دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار
فۆتۆ: 
2020-02-27

38772 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار سەنتەری پزیشکی زانکۆی نێبراسکا لە ئەمریکا، دەستی بە تاقیکردنەوەی دەرمانی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ کرد.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، پەیمانگای نیشتیمانی تەندروستیی ئەمریکا رایگەیاندووە، "یەکەم کەس کە تاقیکردنەوەکەی لەسەر ئەنجامدەدەن بریتییە لە سەرنشینێکی توشبووی سەر کەشتی شازادەی ئەڵماس کە لە بەندەرەکانی ژاپۆندا خرابووەنە ژێر چاودێرییەوە."

راشیگەیاندووە، دەرمانەکە پێشتر بۆ پەتای ئیبۆلا و جۆرەکانی سارس و مێرسی کۆرۆنا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیوادارن بۆ کۆڤید-١٩ش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، توشبووەکان سەرەتا ٢٠٠ میلیگرام لە دەرمانەکەیان پێدەدرێت و لە کاتی مانەوەشیاندا لە نەخۆشخانە، کە رەنگە تاوەکو ١٠ رۆژ بێت، ١٠٠ میلیگرامی دیکەیان پێدەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئەمریکادا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ٦٠ کەس بەرزبووەتەوە کە بە لایەنی کەمەوە ٤٢یان سەرنشینی کەشتی شازادەی ئەڵماس بوون.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ھەزار و ٨٠٥ کەس و توشبوونی ٨٢ ھەزار و ٣١٥ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.

هـ.ب