سەردێڕ:

ئێران.. ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە بۆ ٢٢ کەس بەرزبووەوە

دوو ژنی ئێرانی لە تاران ماسکیان بۆ خۆپاراستن لە کۆڤید١٩ بەستووە
فۆتۆ: رۆیتەرز
2020-02-27

7899 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ھەواڵیی ئیرنا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٢ کەس و توشبووانیش بۆ ١٤١ کەس بەرزبووەوە.

ئاژانسی ھەواڵیی ئیرنای ئێرانی خشتەیەکی ئاماری توشبووانی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە ١٩ کەسەوە بۆ ٢٢ کەس و توشبووانیش لە ١٣٩ کەسەوە بۆ ١٤١ کەس بەرزبووەتەوە.

ئەوەش ھاتووە، تا ئێستا لە ٢٠ پارێزگای ئێراندا ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە و زۆرینەی توشبووەکانیش لە شاری قومن.

ھاوکات، یەک توشبوو لە شاری ھەمەدان و دوو توشبووش لە شاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانن.

ئێران لەدوای چینەوە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی بەھۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکراوە و کۆریای باشوریش زۆرترین توشبوون.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو ھەزار و ٨٠٥ کەس و توشبوونیش بۆ ٨٢ ھەزار و ١٤٣ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، لە شاری قومی ئێران بۆیەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران و ھەر لە ھەمان رۆژدا ھەردوو توشبووەکە گیانیان لەدەستدا.

هـ.ب