سەردێڕ:

خوێندنی باڵا: راگرتنی دەوام بەهۆی کۆرۆناوە مامۆستا و فەرمانبەران ناگرێتەوە

فۆتۆ: 
2020-02-27

12841 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێم ڕایگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا ژورى عەمەلیات پێکدەهێنرێت. دەڵێت، راگرتنی دەوام بەهۆی کۆرۆناوە مامۆستایان و فەرمانبەران ناگرێتەوە.

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، دەربارەی راگرتنی دەوام  رایگەیاند، لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕێکەوتى ٢٩ی شوبات دەوام رادەگیرێت و لە ١ی نیساندا خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

ڕاشیگەیاند، ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن و تەنیا خوێندکاران دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاکانى وەزارەت و زانکۆکان ناگرێتەوە.

هاوکات، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا چەند بڕیارێکى دەرکرد و ڕایگەیاند، "دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە هەموو شارەکان لێژنەى هاوبەش پێکدەهێنن، لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان".

دەشڵێت، "ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشیەکە و پلانى چارەسەر و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژ و ڕاپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى".

هاوکات، باس لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانى ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسەکە و چەند بڕیارێک دەربارەی پلان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم کرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، چوار کەسی توشبوو لە کەرکوک تۆمارکران کە لە وڵاتی ئێرانەوە و لە رێگەی خانەقینەوە بۆ ئەو شارە گەڕابوونەوە و حکومەتی هەرێمیش بڕیاریدا دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆ و پەیمانگاکان رابگرێت.