سەردێڕ:

وەزیرى ناوخۆ: هیچ حاڵەتێکى کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-02-26

6962 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، هیچ حاڵەتێکى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستاندا تۆمارنەکراوە، دەشڵێت، "٥٣٦ کەس لە خاڵە سنورییەکانى عێراقەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم و لەژێر چاودێریدان".

رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ سامان حسێن بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، "داوا لە هەموو دام و دەزگا فەرمیی و تایبەتەکان دەکەین کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان ڕابگرن هەتا ناوچەکە پارێزراو دەبێت", دەشڵێت، "پارێزگارەکانمان سەرپشککردووە لەوەی ئەم بابەتە بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش ڕابگەیەنن".

باسی لەوەشکرد، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سەردانى کەرکوک و نەجەف نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراقدا نەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هاوڵاتیان بەشێکیان کە لە ڕێگەی سنورەکانی عێراقەوە دەگەڕێنەوە دوای پشکنین دەنێردرێنە ماڵەوە و قەرەنتینە ناکرێن، بەڵام لە هەرێم بڕیارمان داوە ئەو هاوڵاتیانەی لەو وڵاتانە دەگەڕێنەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە، قەرەنتینە بکرێن".

هەر لە کۆنفرانسەکەشدا سامان حسێن بەرزانجی وەزیرى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، "تا ئێستا هەزار و ٧٣٤ کەس کە لە سنورەکانی ئێران گەڕاونەتەوە لەژێر چاودێریدان"، دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا ١٤ کەسی گومانلێکراو هەبووە و پشکنینى ١١ کەسیان پاکبووە و پشکنینى سێ کەسیان دەرنەچووە."

وەزیرى تەندروستى هەرێم راشیگەیاند، "لە ١٤ خاڵى پشکنین لە نێوان شارەکاندا تیمى پشکنینى پزیشکیمان داناوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە،  چوار کەسی توشبوو لە کەرکوک تۆمارکران کە لە وڵاتی ئێرانەوە و لە رێگەی خانەقینەوە بۆ ئەو شارە گەڕابوونەوە، بەو هۆیەشەوە رێکارەکانی خۆپاراستن لە هەرێمدا توندترکراون.





هـ.ئـ