سەردێڕ:

ئامێدی.. لە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیادا هاوڵاتییەک شەهیدبوو

فۆتۆ: 
2020-02-26

2565 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئامێدی، نیهاد ئورەماری

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە لە گوندی سیدانی لە سنوری قەزای ئامێدی هاوڵاتییەکی مەدەنی شەهیدبوو.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "نزیک کاتژمێر پێنجی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی سیدانی سنوری قەزای ئامێدیان کردووە، بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییەکی مەدەنی شەهید بوو".

ڕاشیگەیاند، "چەند هاوڵاتییەک بە مەبەستی کارکردن لە ڕەز و باخەکانی خۆیاندا چوونەتە ئەو گوندە و ئەو هاوڵاتییەشی بەهۆی بۆردومانەکەشەوە شەهید بوو خەڵکی شیلادزێیە".

باسی لەوەشكرد، "فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە پەکەکەشیان کردووە، کە هەتا ئێستا ڕانەگەیاندراوە ئایا کەس لە ناو ئۆتۆمبێەکەدا هەبووە یان نا".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوودا، بەبیانوی بوونی بنکە و بارەگای پەکەکە، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەی زێباریان لە سنوری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ کرد و بەوهۆیەشەوە هاوڵاتییەک شەهیدکرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

هـ.ئـ