سەردێڕ:

ئێران.. ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2020-02-26

15739 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٩ کەس و توشبووانیش بۆ ١٣٩ کەس بەرزبووەوە.

کیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، زۆرینەی توشبووەکان لە شاری قومی ئێرانن و یەک توشبووش لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئێران لەدوای چینەوە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکراوە و کۆریای باشوریش زۆرترین توشبوون.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو هەزار و ٧٦٩ کەس و توشبوونیش بۆ ٨١ هەزار و ١٨٤ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٠ هەزار و ٣١٢ کەس چاکبوونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، لە شاری قومی ئێران بۆیەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران و هەر لە هەمان رۆژدا هەردوو توشبووەکە گیانیان لەدەستدا.