سەردێڕ:

هەرێم پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی پێنج وڵات راگرت

لە پاش چین و ئێرانەوە
فۆتۆ: 
2020-02-26

13796 جار خوێندراوەتەوە

بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رێگە بە سەردانی هاوڵاتیانی پێنج وڵات بۆ هەرێم نەدات.

لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا هاتووە، "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هەرێم بڕیارماندا، کە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەریەک لە وڵاتەکانی تایلاند، کۆریای باشور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سنگاپور رابگیرێت."

ئاماژە بەوەشکراوە، "گەشتکردنی هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە رێگای خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو پێنج وڵاتە قەدەغەیە."

ئەوەش هاتووە، "ئەو هاوڵاتیانەی لەدوای ١/١/٢٠٢٠ەوە سەردانی هەریەک لە (چین، ئێران، تایلاند، کۆریای باشور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سنگاپور)یان کردبێت، ئەوا لە کاتی گەڕانەوەیاندا پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە."

باس لەوەشکراوە، "هەر هاوڵاتیەکی بیانی کە سەردانی ئەو وڵاتانەی کردبێت، چ لە دەروازە سنورییەکانەوە بێت یاخود خاڵەکانی پشکنینی نێوان هەرێم و شارەکانی دیکەی عێراق، رێگایان پێنادرێت بێنە ناو هەرێمەوە."

هاوکات، روونیشکراوەتەوە، "شاندی فەڕمی ئەو وڵاتانە بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت و لەلایەن تیمی تەندروستیی تایبەتەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتن و چوونی لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێم و ئێراندا قەدەغەکرد.

دوێنێش وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، "بە بڕیاری شانەی قەیرانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندروستیی، جەعفەر سادق عەللاوی رێگە بە هاوڵاتیانی هەریەک لە ئێران، چین، کۆریای باشوور، تایلاند، ژاپۆن، سینگاپور و ئیتاڵیا نادرێت بێنە ناو عێراقەوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاندبوو، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رايگەياندبوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانييەكانی لە بەغدا و نەجەف-ەوە بۆ ئێران راگرتووە.