سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: سەرباری داواکردنی بۆ دووەمجار سەرۆکایەتی پەرلەمان فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی پێنەداین

فۆتۆ: 
2020-02-26

4212 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئەمە بۆ دووەم جارە داوای فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی دەکەن، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان فۆرمەکەیان پێنادات.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، "وەکو پێشتر بەڵێنمان دابوو، لەدوای دەرچوونی یاسای چاکسازی و بڵاوبونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان لە بەرواری ٢٠٢٠/٢/٦، بۆ جاری دووەم لەگەڵ ھاوڕێیانم داوامان پێشکەشکرد بۆ رەتکردنەوەی خانەنشینی و داوامان کرد فۆرمەکەمان پێبدەن و دەستبەجێ رێکاری تایبەت بە رەتکردنەوەی خانەنشینیمان بۆ ئەنجام بدرێت".

ئەوەشی نوسیوە "ئەمە نە منەتە و نە ئازایەتیە، بەڵکو مەبدەئی خۆمان و جوڵانەوەکەمانە کە پێمان وایە خانەنشینی پلەباڵا ناعەدالەتیە و دەبێت نەمێنێت، سەرەتاش لە خۆمانەوە دەستمان پێکرد".

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە، "بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی دووجارە لەگەڵ ھاوڕێکانم بە نوسراوی فەرمی داوادەکەین فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینیمان پێبدەن بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان فۆرمەکەمان پێنادەن، لەکاتێکدا زیاتر لە ٢٠ رۆژە یاساکە بەفەرمی دەرچووە و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە".

لە کۆتایدا نوسیویەتی "لەگەڵ ھاوڕێکانم لە فراکسیۆن و لە جوڵانەوەکەش بەڵێن دەدەین پشتیوان بەخوا و ھاوکاری و دڵسۆزی خەڵکی لەسەر بەڵێنەکانمان بەردەوام بین و لەداھاتوودا زیاتر و توندتر دژایەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی و زوڵم و ستەم بکەین".

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، هەر لە دوای تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە  فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕاستەوخۆ داوای لە پەرلەمان کرد فۆرمی ڕەتکردنەوەی خانەنشینیان پێبدات، بەڵام تا ئێستا ئەو فۆرمەیان پێنەدراوە.