سەردێڕ:

هەولێر.. نێرگەلەكێشان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەکرا

فۆتۆ: 
2020-02-26

2577 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریانداوە نێرگەلەكێشان لە هەموو شوێنە گشتییەکانی سنوری پارێزگای هەولێردا قەدەغە بکەن.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، "بڕیارەکە لە رۆژى يەکشەممەی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە."

راشیگەیاند، "هەرشوێنێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە ئەوا دادەخرێت و سزادەدرێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، قائیمقامییەتی قەزای کەلار و کفری تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە، بڕیاریاندا سەرجەم کافتریاکانی سنورەکانیان دابخەن.

دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کردووە و بەوهۆیەوە تاوەکو ١٠ی ئازاری داهاتوو دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگیرا.

شەوی رابردوو وەزیرى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارنەکراوە.