سەردێڕ:

هەولێر.. لە ٢٠١٩ دا دوو هەزار و ٦٩٤ ئاگر کەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-02-26

450 جار خوێندراوەتەوە

بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە سنوری پارێزگای هەولێر دوو هەزار و ٦٩٤ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕویانداوە، لەو ڕێژەیە ٤٢٤ حاڵەتیان بەهۆی کەمتەرخەمی هاوڵاتیانەوە بووە.

ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٦ ى شوباتى ٢٠٢٠ ڕائید سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەتوسیدا ڕایگەیاند، "لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ قوربانی زیاتر هەبووە کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئەم دوو مانگەی ئەمساڵ کە ١٦٤ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە و پێنج هاوڵاتییش بە هۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە".

سەبارەت بە ڕووداوی گیان لەدەستدانی سێ هاوڵاتیەکەى عەینکاوە وتى، "دوای لێکۆڵینەوەی تیمەکانی ئێمە دەرکەوت کە ئەو هاوڵاتیانە بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە بەهۆی سۆپاى نەوت گیانیان لە دەستداوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "سووتانی کارگەیەکى پوشى موبەریدە بەهۆی مەکینەی ئوتوو ڕوویداوە، کە لە ئەنجامی کەمتەرخەمی کارگەکە و جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی ڕوویداوە، بۆیە قەبارەی زیانەکان گەورە بوون".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژى یەکشەممە ٢٣ ى شوبات لە بازاڕی تەنكی فرۆشان لە ناوچەی پیشەسازی لە شاری هەولێر كارگەیەكی دروستكردنی پوشی موبەریدە ئاگریگرت و زەرەر و زیانێكی زۆرى ماددى بە كارگەكە گەیاند.