سەردێڕ:

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم گۆڕانکاریی لە کاتى تاقیکردنەوەکاندا کرد

فۆتۆ: 
2020-02-26

16021 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم خشتەى کاتى تاقیکردنەوەى وەرزی و نیشتمانى و ئەزمونە گشتییەکانى بڵاوکردەوە کە بەهۆى راگرتنى دەوامەوە گۆڕانکاریی تێدا کردووە.

لە نوسراوەکەى وەزارەتى پەروەردەدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى ناردووە ئاماژە بەوە کراوە، دواى پەسەندکردنى پێشنیازى وەزارەت سەبارەت بە پشووى ناوەندەکانى خوێندن لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە،  تەنها ١٠ رۆژى دەوامى خوێندن پێوستى بە قەرەبووکردنەوە دەبێت.

بەپێی ئەو خشتەیەى لە نووسراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگا حکومییەکان تاقیکردنەوەى وەرزى دووەمى پۆلی ١٢ى ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە لە ٤ى٤ى٢٠٢٠  دوادەخرێت بۆ ١٥ى٤ى٢٠٢٠.

هاوکات تاقیکردنەوەى وەرزى دووەمى پۆلە ناکۆتاکان لە ٩ى٥ى٢٠٢٠ دوادەخرێت بۆ ١٢ى٥ى٢٠٢٠ واتە پێش جەژنى رەمەزان.

هەر بەپێی تاقیکردنەوەى نیشتمانى پۆلی نۆى بنەڕەتى لە ١ى٦ى ٢٠٢٠ دوادەخرێت بۆ ٦ى٦ى٢٠٢٠ ، هەروەها ئەزموونە گشتییەکانی پۆلى ١٢ى ئامادەییش لە ٢ى٦ى٢٠٢٠  دوادەخرێت بۆ ٧ى٦ى٢٠٢٠.

لەبارەى قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان وەزارەتى پەروەردە رایگەیاندووە، پشووە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران جێبەجێدەکەن و لەبەر رۆشنایی سیستم و شێوازى تاقیکردنەوەکانى خۆیان، حشتەى خۆیان رێکدەخەنەوە، بە مەرجێک پاش ٢٤ى ٣ى ٢٠٢٠ بێت.

روونیشیکردووتەوە، ئەو قوتابخانانەى کە سیستم و پرۆگرانى وەزارەت پەیڕەودەکەن و وابەستەن بە کاتەکانى تاقیکردنەوەى قۆناغى ٩ى بنەڕەتى و ١٢ى ئامادەیی، پێویستە رەچاوى خشتەى  پلانەکانى وەزارەتى پەروەردە بکەن.