سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: قەیرانی بەنزین دروست نەبووە

فۆتۆ: 
2020-02-25

7922 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، "هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەینەوە كەهیچ قەیرانێكی بەنزین دروست نەبووە و نابێت."

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" لێرەو لەوێ دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە گوایە قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان دروستبووە بە ھۆی بڕیاری رێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھاتوچۆ لە دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران لە پێناو خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "رێکخستنی کاروباری دەروازە سنووریەكان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بووە لەم پەتایە و بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت بەرنامە و پلانێكی تۆكمەی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە و دەرهاويشتەکانیشی داڕشتووە".

ئەوەشى خستوتەڕوو،" دووپاتی دەكەینەوە كە سبەی سێشەممە ئەم بابەتە دەبێتە خاڵێكی سەرەکیی ئەجێندای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، لە دوای بڕیارەکەی حکومەتى هەرێم  سەبارەت بە داخستنى سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران هاوڵاتییان ترسی دروستبوونی قەیرانی بەنزینیان هەیە و بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوویان لە بەنزینخانەکان کردووە و ئەمەش واى کردووە لە زۆربەی بەزینخانەکاندا چەندین ڕیز ئۆتۆمبێل بوەستن.