سەردێڕ:

پزیشکێک هەواڵێکى دڵخۆشکەر لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-02-25

97581 جار خوێندراوەتەوە

 ئارام بارام پزیشکى تایبەتمەند ڕایگەیاند، "رێژەی چاکبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتووەتە ۷٨% ئەمەش دڵخۆشکەرە و تا ئێستا تەنها ۳% ی ئەو کەسانەی توشی ئەم ڤایرۆسە بوون گیانیان لەدەستداوە."

ئارام بارام یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە نەشتەرگەری سییەکان و بۆرییەکانی خوێن و دڵ لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، "سیستمی تەندروستی ھەرێم لە ئاستێکی باشدایە و دەتوانێت رووبەرووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە و یەکێکیشە لە سیستمە باشەکان لە جیهاندا و پێویست ناکات هاوڵاتییان بترسن".

ڕاشیگەیاند، "ھیچ حاڵەتێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێم تۆمارنەکراوە و ھەموو رێکارێک گیراوەتەبەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستانیش ھەبێت شتێکی نامۆ نییە".

ئاماژەى بەوەشکرد،" ھەڵگرتنی تەنھا دەمامکێک نابێتە ھۆی ئەوەی دوور بکەویتەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەبێت بۆ خۆپارێزی لە ھەموو ڤایرۆسێک تەوقەکردن و باوەش بەیەکداکردن کەمبکرێتەوە".

هاوکات، تەندروستی نەجەف رایگەیاند، ئەمڕۆ، یەکەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارکراوە و دەشڵێت، توشبووەکە خوێندکارێکی ئێرانییە و پێش چەند رۆژێک سەردانی عێراق و شاری نەجەفی کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دواى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ئێران و بەرزبوونەوەى ژمارەى گیانلەدەستدان و توشبووان، هەریەکە لە وڵاتانى بەحرەین و کوەیت و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان حاڵەتەکانى توشبوون بە کۆرۆنایان تێدا تۆمارکرا و ئەو وڵاتانەش رێکارى پێویستییان گرتووەتەبەر و دەروازە سنورییەکانییان بەڕووى ئێراندا داخستووە.