سەردێڕ:

موقتەدا سەدر دوو داوای جیاوازی لە مەسعود بارزانی و شاسوار عەبدولواحید کرد

فۆتۆ: 
2020-02-24

84595 جار خوێندراوەتەوە

 موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دوو داوای جیاواز لە مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان  و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەکات.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا داوای لە مەسعود بارزانی کرد هاوسۆزی و لایەنگیری  بۆ ئەمریکییەکان  نیشاننەدات چونکە ئەمریکییەکان بە وتەی ئەو  " داگیرکەرن و سودیان نییە".

لە قسەکانیدا سەدر داوای لە بارزانی و لایەنەکانی کورد و سونە کرد " واز لە دابەشکاری حزبی بهێنن و هەموومان هەوڵبدەین حکومەتى باش بۆ عێراق دروستبکرێت".

لە بەرنامەکەدا موقتەدا سەدر داواشی لە شاسوار عەبدولواحید کرد بەردەوام بێت لە پشتگیری و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان، چونکە بە ووتەى ئەو بەرپرسانی کوردیش گەندەڵن و هاوشێوەی بەغدا و باشوری عێراق، گەندەڵیش لە هەرێمی کوردستان هەیە.

 موقتەدا سەدر دەشڵێت ، "هەر  دەسەڵاتدارانی شیعە گەندەڵ نین و بەڵکو کورد و سونەش گەندەڵن ئەوەتا لە هەرێم و شوێنەکانی تریش خۆپیشاندان دەکرێت دژ بە گەندەڵی".

ئەم قسانەی موقەتەدا سەدر لە دوای ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوو چەند جارێک شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژ بە گەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە و دواهەمینیشیان خۆپیشاندانەکەی ڕۆژى ٢٢ی ئەم مانگە بوو کە هەزاران هاوڵاتی ناڕازی بەشداریان تێدا کرد لە سلێمانی و چەند شارێکى دیکە و لە چەند شارێکیش دەسەڵات ڕێگەی نەدا خۆپیشاندان بکرێت.