سەردێڕ:

یەکێتى هاوردەكاران: زۆربەی کاڵاکانی ھەرێم لە تورکیاوە دێن نەک لە ئێرانەوە

فۆتۆ: 
2020-02-24

2658 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى یەکێتى هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داخستنی خاڵە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ھەرێم نابێت، چونکە زۆربەی کاڵا و شتومەکەکان ھەرێمی کوردستان لە تورکیاوە دێت نەک لە ئێرانەوە.

مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکى یەکێتى هاوردەکردن و هەناردەکردنى کوردستان لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، "داخستنی خاڵە سنورییەکانی ھەرێم لەگەڵ ئێران کاتییە و ھیچ گۆڕانکارییەک لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەک ناکات لە بازاڕدا و داخستنەکەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ھەرێم نابێت".

ڕاشیگەیاند،"هاوسنورین لەگەڵ چەند وڵاتێکی تردا و دەتوانین لەو وڵاتانەوە شتومەک هاوردە بکەین لە جیاتی بەرهەمى ئێرانی".

هاوکات، هەر ئەمڕۆ، لەسەر بڕیاری حکومەتى هەرێم مەرزی حاجی ئۆمەران بە تەواوی داخرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە سەرچاوەیەک لە مەرزی پەروێزخانەوە ڕایگەیاند،" بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جوڵەی بازرگانییش هاوشێوەی جوڵەی گەشتیاری لە دەروازە نێودەوڵەتییەکاندا ڕاگیرا".