سەردێڕ:

گروپە شانۆییەکەی کەلار سزادرا

فۆتۆ: 
2020-02-24

14838 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان، بەهۆی نمایشی شانۆیەکیانەوە سزای یەک ساڵ سڕکردنی بەسەر گروپی ئەستێرەکاندا سەپاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان ڕایگەیاند، "دوای بەدواداچوون بۆ ئەو شانۆیەی لەلایەن گروپی ئەستێرەکانەوە لە کەلار نمایشکرا، بڕیاردرا بە سڕکردنی سەرجەم کار و چالاکییەکانی گروپەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ".

ڕاشیگەیاند، "لە دوای هەر بڕیار و ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەی یاسایی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانە ڕێوشوێنی دیکە دەگرێتە بەر".

باسی لەوەشكردووە، "هەر گروپێک یان کەسێک لە سنوری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکە تەشهیر بەرامبەر پیرۆزییەکانی هاوڵاتییان بکات، ئەوا هەمان ڕێوشوێنی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و لە کاتی دووبارەکردنەوەیدا ڕێکارەکان توندتر دەکرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، لە کەلار لەلایەن گروپێکەوە شانۆیەکی سەرشەقام نمایشکرا، کە دوابەدوای ئەوەش کاردانەوەی لەلایەن هاوڵاتییان و مامۆستایانی ئاینییەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی گشتی لێکەوتەوە و داوای سزادانی ئەو گروپەیان بە بیانوی تەشهیرکردن بە پیرۆزییەکانی ئایینی زۆرینە لە هەرێمدا دەکرد.

هـ.ئـ