سەردێڕ:

بەشیر حەداد: کاتى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق دیارینەکراوە

فۆتۆ: 
2020-02-22

2686 جار خوێندراوەتەوە

بەشیر حەداد ڕەتیکردەوە ڕۆژی دووشەممە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاریکرابێت و دەشڵێت، ئەگەر کەسێکیش بەتەنها لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وادەی کۆبوونەوە دیاریبکات پێشێلکردنی یاسایە.

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەت، سیڤی کاندیدی وەزارەتەکان بگاتە پەرلەمان و ماوەی ٤٨ کاتژمێر پێش کۆبوونەوەکە بدرێتە پەرلەمان.

وتیشی، دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە پێکهاتوون لە سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی کۆببنەوە و بڕیاربدەن کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریبکەن، بەڵام کۆنەبوونەتەوە و ئەگەر کەسێکیش بەتەنها لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا کاتی کۆبوونەوە دیاریبکات ئەوە پێشێلی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان و یاسا دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەيەندراوێکدا داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد بۆ دانیشتنی نائاسایی رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئامادەبن بە مەبەستی به‌خشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی.

هاوکات ماوه‌ی چوار رۆژە شاندێکى باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌به‌غدایه‌بە مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌شداری هه‌رێم لە کابينەی نوێی حکومەت، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە هیچ رێککەوتنێک و گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.