سەردێڕ:

تەلەفزیۆنى فەرمى ئێران: بەرپرسێک لە تاران توشی کۆرۆنا بوو

فۆتۆ: 
2020-02-22

12109 جار خوێندراوەتەوە

تەلەفزیۆنى فەرمى ئێران بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسێکى ئێران لە تارانى پایتەخت توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پارێزگارى تارانیش رەتیدەکاتەوە.

تەلەفزیۆنى فەرمى ئێران بڵاویکردەوە، مورتەزا رەحمان زادە، سەرۆکى شارەوانى ناوچەى ١٣ى تاران، توشى کۆرۆنا بووە و دوێنى شەو گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

لەسەر ئەو بەرپرسەى ئێران، پارێزگارى تاران رەتیکردەوە مورتەزا رەحمان زادە توشى کۆرۆنا بووبێت و رایگەیاند، دواى دەرکەوتنى نیشانەکانى کۆرۆنا گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دواى پشکنین دەرکەوتووە کە کۆکەیەکى توندى بووە و کێشەى لە سییەکانیدابووە.

بە پێى نوێترین ئامارى وەزارەتى تەندروستى ئێران، ژمارەى توشبووان بۆ ١٨ کەس بەرزبووەتەوە لەگەڵ گیانلەدەستدانى چوار کەس و ٧٣٥ کەسیش گومانى توشبوونیان لەسەرە.

هاوکات رێکخراوى تەندروستى جیهانیش لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر کۆرۆنا رایگەیاند، ڕێژەى گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە جیهاندا بۆتە لەسەدا دوو پۆینت سێ.

زیاتر لە ٣٠ وڵات، ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و ژمارەى توشبوانیش بۆ زیاتر لە ١١٠٠ کەس بەرزبووەتەوە کە زۆرترینیان لە کۆریاى باشور تۆمارکراوە کە ٢٠٩ کەسە.

ب.ب