سەردێڕ:

ئایا وەرزی گەرما ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناودەبات؟

فۆتۆ: 
2020-02-22

66472 جار خوێندراوەتەوە

هاوڵاتییانی جیهان، دامەزراوە تەندروستییەکانی جیهان و کارگە و کۆمپانیا گەورەکانی چین و بەشێک لە جیهانیش پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا بە هاتنی کەش و هەوای گەرمتر و وەزری گەرما، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو لەناوچوون دەچێت؟

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بۆ ئەم بابەتە، لێدوانی چەند پسپۆڕێکی نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوێزراوەکانی لە چەند زانکۆیەکی جیاوازدا وەرگرتووە و وەڵامەکانیان بەو ئاڕاستەیەدایە کە ئەوانیش هێشتا دڵنیا نین.

دەربارەی ئەوەی کە ئایا کۆرۆنای نوێش وەکو زۆربەی ڤایرۆسەکانی دیکە، پەتایەکی وەرزییە یاخود نا، دکتۆر پاوڵ هەنتەر، پسپۆڕی بواری نەخۆشی گوازراوە لە زانکۆی ئیست ئەنگلیای دەڵێت، "ئەوەی ئەو هیوایەمان بۆ دروستدەکات کە ئەم ڤایرۆسە وەرزی بێت، ئەوەیە کە شێوازی بڵاوبووەنەوەی ڤایرۆسەکانی دیکەش هەر بەمجۆرەی کۆرۆنای نوێ بووە، بەڵام دڵنیانابین هەتا وەرزی گەرما نەیەت و تێبینی گۆڕانکارییەکان نەکەین."

دەربارەی هۆکاری لەباربوونی وەرزی سەرما بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، دکتۆر سیمۆن کلارک، پسپۆڕی خانەی مایکرۆبایۆلۆجی لە زانکۆی ریدینگ دەڵێت، "هۆکاری لەباربوونی وەرزی سەرما بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس ئەوەیە کە مرۆڤەکان زیاتر دەکۆکن و دەپژمن، ئەوەش رێگەکە بۆ ڤایرۆس ئاسانتر دەکات تا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بڵاوببێتەوە."

دەشڵێت، "لە وەرزی سەرمادا کەش و هەوا گەرم نییە و هێزی بڵاوبوونەوەی هەر ڤایرۆسێک چەندینجار زیاترە وەک لە هێزی هەمان ڤایرۆس لە وەرزی گەرمادا."

لەبارەی وەرزی بەهارەوە کە گەرمترە لە زستان ئاماژەی بەوەشداوە، "دڵنیام هاتنی وەرزی گەرما دۆخەکە خراپتر ناکات، بەڵام چونکە ئەزمونی چەند ساڵەمان لەگەڵ کۆڤید١٩دا نییە، هێشتا نازانین هێزی بڵاوبوونەوەی دەمێنێت یاخود نا، بەڵام لەو هیوایەداین و چاوەڕوانین."

لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر پاوڵ هەنتەر باسی لەوەکرد، "من پێموایە لە وەرزە زۆر گەرمەکاندا نامێنێت، بەڵام ئەگەر دەرمانی گونجاو نەدۆزینەوە، ئەوا گومانم هەیە لەوەی ئەو نەمانەیان خۆ ئامادەکردن بێت بۆ بە فراوان دەرکەوتنەوەیان لە وەرزی سەرمای داهاتوودا یاخود نا."

ڤایرۆسی کۆرۆنای COVID-19 لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد و بە زیاتر لە ٣٠ وڵاتى جیهاندا بڵاوبووەوە و لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس و توشبوونی زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسی دیکە.

هـ.ب