سەردێڕ:

قایمقامیەتى کەلار: ١٢ هاوڵاتی گەڕاوەی هەرێم لە دەروازەى پەروێزخان راگیراون

فۆتۆ: 
2020-02-22

3092 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامیەتى کەلار ڕایگەیاند، بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستیی، ١٢ هاوڵاتی کەلار و گەرمیان کە لە وڵاتی ئێران گەڕابوونەوە، ڕاگیراون.

قایمقامیەتى کەلار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی گەرمیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەرویزخان تا ئێستا ١٢ هاوڵاتی کەلار و گەرمیان کە لە وڵاتی ئێران گەڕابوونەوە راگیراون و بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوام رێژەی ئەو هاوڵاتییانەى کە لە وڵاتى ئێرانەوە دەگەڕێنەوە لە زیادبوندان و لەلایەن تیمەکانى تەندروستى گەرمیانیشەوە دەخرێنە ژێر چاودێری تەندروستی".

ئەوەشی خستووەتەڕوو،" هەوڵدەدەین سبەینێ شەممە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی قەزاى کەلار لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان جێگیریان بکەین".

باسی لەوەشکردووە، "داواکارین هاوڵاتیان لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکاندا هاوکاریمان بکەن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەبەمەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم ڕابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.