سەردێڕ:

کۆیە.. سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان قەدەغەکرا

فۆتۆ: 
2020-02-22

12088 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کۆیە، خالید محەمەد

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی کۆیە رایگەیاند، لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانەکان بۆ کاتێکی نادیار قەدەغەکرا.

شیروان جەلال کوێخا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، "بۆ سەلامەتی هاوڵاتییانی کۆیە و لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە تاوەکو کاتێکی نادیار سەردانکردنی نەخۆش لە نەخوشخانەکانی سنوری بەڕێوبەرایەتی قەدەغەکراوە."

راشیگەیاند، "داواکارین ھاوڵاتییانمان ھاوکارمان بن و رێنماییەکانی تەندروستیی جێبەجێبکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی سەدان هاوڵاتی لە ئێرانەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە هەریەک لە مەرزەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران راگیران، هاوڵاتییە گەڕاوەکانی حاجی ئۆمەران گەیەندرانە سۆران و پشکنینیان بۆ کرا.

 بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران رایگەیاند، "لەناو ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە بۆ سۆران، هیچ حاڵەتێكی گوماناوی بۆ توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارنەكراوە."

بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخیش رایگەیاند، "شوێنی شیاویان بۆ گەشتیارە گەڕاوەکانی هەرێم دابینکردووە و لە چاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دان کە جێگایان لە سلێمانی بۆ دابین بکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە گیانلەدەستدانی چوار کەس، ئێران بووە شەشەم وڵات کە لە دوای چینەوە گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکرا.

بە مەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم رابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.

هـ.ب