سەردێڕ:

مەرزی باشماخ: شوێنی شیاومان بۆ هاوڵاتییە گەڕاوەکانی هەرێم دابینکردووە

فۆتۆ: 
2020-02-21

6772 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخ رایگەیاند، شوێنی شیاویان بۆ گەشتیارە گەڕاوەکانی هەرێم دابینکردووە و لە چاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دان کە جێگایان لە سلێمانی بۆ دابین بکەن.

ئیسماعیل عەلی ئاغا، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی باشماخ رایگەیاند، "لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی عێراقی فیدراڵ دەرکراون، دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخیش وەک دەروازەکانی دیکە دەستبەجێ کەوتووەتە جێبەجێکردنیان."

راشیگەیاند، "لەو چوارچێوەیەشدا وەک جێبەجێکردنی یەکێک لەو خاڵانەی کە بڕیاری لەسەردراوە ئەوهاوڵاتییانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، پێویستە بە وردیی لەژێر چاودێری و پشکنینەکانی تیمە تەندروستییەکان بن بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ."

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە هاوکاری کردنیان لە رووی دابینکردنی شوێنی شیاو بۆ پاراستنیان لە سەرما کەمتەرخەمیمان نەکردووە و لەئێستادا باشترین شوێنمان بۆ دابین کردوون و لەچاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە داین کە شوێنیان لە سلێمانی بۆ دابین بکەن."

روونیشیکردەوە، "ئێمە پاسیشمان بۆ ئامادەکردوون تا بیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت و دیاریکراو بە مەبەستی چاودێریکردنیان لە رووی تەندروستییەوە."

باسیان لەوەشکردووە، "ئێمە بە هەموو لایەک رادەگەیەنین لەخزمەت تاک بە تاکیاندا دەبین و رێزیش لەوانەیان دەگرین کە رەتیانکردووەتەوە خزمەتیان بکەین و ئارەزوومەندانە سەرمایان هەڵبژاردووە ئیدی بەمەبەست بێت یاخود بێمەبەست."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە گیانلەدەستدانی چوار کەس، ئێران بووە شەشەم وڵات کە لە دوای چینەوە گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە تێدا تۆمارکرا.

بە مەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم رابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.



هـ.ب