سەردێڕ:

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخرا

فۆتۆ: 
2020-02-21

12655 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیران، بە بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتوچۆی گەشتیاریی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئەو وڵاتە ڕاگیرا.

ڕاگەیاندنی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کاتژمێر ١٢ی شەوى رابردووەوە هاتوچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕاگیراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بە راگرتنی پێدانی ڤیزەی ھاتنە ژورەوە بۆ ھەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتی ئێران لە رێگای دەروازە سنورییەکانەوە تا کاتێکی نادیار و ھەروەھا راگرتنی گەشتی ھاڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتی ئێران تا کاتێکی نادیار، ئەو ھاوڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە لە وڵاتی ئێران دەگەڕێنەوە جیادەکرێنەوە و پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەبارەت بە جووڵەی بازرگانی لە دوای راوێژ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاگاداری بڵاودەکەینەوە."

دەروازەى نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەران داوا لە ھەموو ھاووڵاتییان هەرێمى کوردستان دەکات بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ئێران سەردانی دەروازەکە نەکەن و ھاوڵاتییانی ئێرانیش بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ھەرێمی کوردستان سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەران نەکەن.

پێشتر مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاویکردەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، بەبڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتوچۆی گەشتیاریی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگیراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی دوو کەس لە شاری قومی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاری پێدانی ڤیزای گەشتیاری کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە خاڵە سنورییەکان بە گەشتیارانی ئێران دەدرا هەڵوەشاندووەتەوە و چیدیکە بەشێوەی راستەوخۆ ڤیزای گەشتیاری لە خاڵە سنورییەکاندا بە گەشتیارانی ئەو وڵاتە نادرێت.

 ب.ب