سەردێڕ:

فڕۆکەخانەى سلێمانى: تا ئێستا گەشتکردن ئاساییە

فۆتۆ: 
2020-02-21

7476 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى رایگەیاند، تا ئێستا گەشتکردن لە فرۆکەخانەکەوە ئاساییە و دانەخراوە.

دانا محەمەد سەعید، بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هیچ بڕیارێکیان بۆ نەهاتووە بۆ راگرتنى گەشتەکان لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە و گەشتەکان ئاساییە.

هاوکات بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، خشتەى گەشتەکانى ئەمڕۆ هەینى ٢١ى شوباتى ٢٠٢٠، بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دوو گەشت بۆ بەغدا و گەشتێکیش بۆ تاران و یەکێکیتریش بۆ دوبەى هەیە.

پێشتر بەرپرسانى فرۆکەخانەى سلێمانى بڵاویانکردبووە کە ئامادەکارى و رێوشوێنى پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوە و توشبوونى هاوڵاتیانى هەرێم بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆى زیاتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە جیهاندا، بەشێک لە وڵاتان گشتە ئاسمانییەکانیان بۆ چین راگرتووە و رێوشوینى تەندروستى توندیان لە فرۆکەخانەکانیان گرتووەتە بەر، لە ئێستاشدا دوای تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی دوو کەس لە شاری قومی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاری پێدانی ڤیزای گەشتیاری کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە خاڵە سنورییەکان بە گەشتیارانی ئێران دەدرا هەڵوەشاندووەتەوە و چیدیکە بەشێوەی راستەوخۆ ڤیزای گەشتیاری لە خاڵە سنورییەکاندا بە گەشتیارانی ئەو وڵاتە نادرێت.

 ب.ب