سەردێڕ:

​ئه‌ندامێکى شاندی دانوستانكاری هه‌رێم: نه‌گه‌یشتوینەتە‌ هیچ رێكه‌وتنێک له‌گه‌ڵ عەلاوى

فۆتۆ: 
2020-02-21

13638 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، محەمەد عامر

ئه‌ندامێکى شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونەتە‌ هیچ رێكه‌وتنێک له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق له‌سه‌ر سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا.

نوسینگەى رۆژنامەوانى زیا بوترس سڵێو، ئەندامى شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، شاندی هه‌رێم شێوازەکان و تیڕوانینی محەمەد عەلاوییان ڕه‌تكردووەته‌وه‌ له‌ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كیانێكی ده‌ستورییه‌.

ماوه‌ی سێ رۆژه‌ شاندێکى باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری به‌غدایه‌ بە مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی محەمەد تۆفیق عەلاوى و قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌شداری هه‌رێم و مافه‌كانی گه‌لانی هه‌رێمی كوردستان.

پێشتر پەرلەماتارێکى کورد لە بەغدا رایگەیاندبوو، "داواکارییەکانی کورد هاوشێوەی داواکارییەکانی دیکەی گەلانی عێراق لەلایەن محەمەد عەلاوى تەماشا دەکرێت و کوردیش دەبێت وەک بەشێکی گرنگی گەلی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، محەمەد عەلاوی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کاندیدی حزبی ڕەتدەکاتەوە و پارتی و یەکێتیش ئەوەیان قبوڵنییە و دەیانەوێت خۆیان کاندیدەکان دیاریبکەن، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا عەلاوی ناوی وەزیر و بەشداربووانی کابینەکەی ئاراستەى پەرلەمانی عێراق بکات و رۆژى دووشەممە کابینەکەى رابگەیەنێت.

ب.ب