سەردێڕ:

ئێران.. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بەڕێوەدەچێت

بە بەشدارى نزیکەى ٥٨ ملیۆن دەنگدەر
فۆتۆ: 
2020-02-21

1005 جار خوێندراوەتەوە

هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ١١یەمی په‌رله‌مانی ئێران بەرێوەدەچێت و نزیکەى ٥٨ ملیۆن دەنگدەر بەشدارى دەکەن بۆ دیاریکردنى ٢٩٠ کورسى پەرلەمان.

ئەمڕۆ هەینى ٢١ی شوباتى ٢٠٢٠، لە کاتژمێر هەشت ناوەندەکانى دەنگدان بەڕووى دەنگدەراندا کرایەوە و بڕیارە لە کاتژمێر شەشی سەر لە ئێوارە تەواو بێت، کە بەپێی سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، دەکرێت بەپێی پێویست کاتەکەی درێژبکرێتەوە، باس لەوەشدەکەن، له‌پاڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا، هه‌ڵبژاردنی نێوه‌ندیی پێنجه‌مین خولی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایانیش به‌ڕێوه‌‌دەچێت.

هاوکات، موحافزكاره‌كان (پارێزگاران) به‌ لیستی "ئێرانی سه‌ربه‌رز" به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كه‌ن و له‌ كۆی ٣٠ی پارتی ریفۆرمخوازه‌كان ته‌نها نۆیان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كه‌ن، هەر بەهۆی ئەوەی كه‌ ریفۆرمخوازه‌كان به‌ بلۆكێك به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان نه‌كرد و به‌شێكی زۆریان بایكۆتیانكرد، پارته‌ به‌شداره‌كانیش نه‌یانتوانی لیستێكی هاوبه‌ش پێكبهێنن.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كەی ئێراندا ٥٧ ملیۆن و ٩١٨ هەز‌ار ده‌نگده‌ر بەشداریدەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا‌ دوو ملیۆن و ٩٣١ هه‌زار و ٧١٦ كه‌سیان یه‌كه‌مجاریانه‌ ده‌نگده‌ده‌ن.

لەگەڵ ئەوەشدا، مافی كاندیدبوونی حه‌وت هه‌زار و ١٤٨ كه‌س له‌ كۆی ١٦ هه‌زار و ٣٣ كه‌س، كه‌ داواكارییان پێشكه‌شكردبوو، په‌سه‌ندكراوە، بۆ هه‌ر كورسییه‌كیش له‌ ٢٩٠ كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان، ٢٤ كاندید ركابه‌ریی ده‌كه‌ن، له‌ سه‌رانسه‌ری ئێرانیشدا ٢٠٨ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ن و ده‌نگده‌ران ده‌توانن له‌ ٥٥ هه‌زار شوێنەوە ده‌نگبده‌ن.

تاران به‌ ٣٥ په‌رله‌مانتار، زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌ و له ‌به‌رامبه‌ردا هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاکانی ئه‌لبورز، ئیلام، قوم و گەهکیلویه‌ و بویرئه‌حمه‌د به‌ سێ په‌رله‌مانتار كه‌مترین كورسییان هه‌یه‌.

ب.ب