سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسى کۆرۆنا هۆشداریی دەدات

فۆتۆ: 
2020-02-19

2187 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، رايگەياند کە مەترسى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆنا (كۆڤيد-١٩) هەیە لەو وڵاتانەى كە سیستەمى تەندروستييان لاوازە.

ئەنتۆنيۆ گوتیرێس لە میانی سەردانيكردنى بۆ پەرستگايەك لە سەر سنورى پاكستان-هيندستان، لە روونكردنەوەيەكدا رایگەیاند، لە ئێستادا پەتاى  كۆرۆنا لە ژێر كۆنترۆڵدايە.

گوتیرێس مەترسييەكانى نەشاردەوە لەوەى ئەو پەتايە دزە بكاتە ئەو وڵاتانەى كە سیستەمى تەندروستيان پێشكەوتوو نييە، وەک وڵاتانى ئەفريقا و  دەڵێت "مەترسييەكان زۆر گەورەن و وەكو جيهان دەبێت ئامادە بين بۆ ئەمە و رێكخراوى تەندروستيى جيهانى، لە ئەگەرى روودانى ئەو پێشهاتە كار لەسەر چۆنێتى بەرەنگاربوونەوەی دەکات".

سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، باسى لە قەيرانى مرۆيى ئيدلبیش كرد و بانگەوازى سوریای كرد بۆ ئاگربەست و داواى لە توركيا و روسيا و ئێران كرد چارەسەر بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە.