سەردێڕ:

رۆژى دادگاییکردنى بنیامین ناتانیاهو دیاریکرا

فۆتۆ: 
2020-02-19

2367 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كه‌م رۆژى دانیشتنی دادگاییکردنى بنیامین ناتانیاهو، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل له‌سه‌ر سێ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی دیاریکرا و لە ناوەراستى مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.

وه‌زاره‌تی دادی ئیسرائیل راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، "رۆژی ١٧ی ئازار له‌ دادگای ناوچه‌ی قودس، ده‌ست به‌ دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی بنیامین نا‌تانیاهو ده‌كرێت."

دانیشتنی دادگاییكردنی ناتانیاهو نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئیسرائیل، كه‌ بریاره‌ له‌ ٢ی ئازاردا به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌نجامده‌درێت و تا ئێستاش نازانرێت نا‌تانیاهو ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ ده‌بێت یان نا.

سه‌رۆكی داواكاری گشتیی ئیسرائیل، رۆژی ٢١ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩، به‌هۆی سێ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیەوە بڕیاریدابوو سكاڵا له‌سه‌ر ناتانیاهو تۆماربكات، دواتر به‌پێى یاسا رۆژی ٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ داوای له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كردبوو رێگای بده‌ن سكاڵا تۆماربكات.

له ‌به‌رامبه‌ردا، به‌ر له‌ ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌ یاساییه‌ی كه‌ پێی درابوو به‌ چه‌ند كاتژمێرێك، ناتانیاهو رۆژی ١ی كانوونی دووه‌مى ٢٠٢٠ داوای پارێزبه‌ندیی له‌ په‌رله‌مان كردبوو.

ناتانیاهو، رۆژی ٢٨ی كانوونی دووه‌مى ٢٠٢٠ ئه‌و داوایه‌ی كشاندبوویه‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی پێدانی پارێزبه‌ندیی و له‌پێناو ده‌ستخستنی كاتدا، پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردبوو، ئەو تۆمەتانەشى کە رووبەڕووى ناتانیاهو کراوەتەوە، بەرتیل وەرگرتن و ناپاکیکردنە لە ئەمانەت.

ب.ب