سەردێڕ:

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە پاپۆڕەکەی ژاپۆندا بۆ ٥٤٢ کەس بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2020-02-18

3597 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی پاپۆڕی شازادەی ئەڵماس رایانگەیاند، ژمارەی سەرنشینە توشبووەکانی پاپۆڕەکە بۆ ٥٤٢ کەس بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن بڵاویکردەوە، "ئەو کەسانەی لەم یەک دوو رۆژەی رابردوودا توشبوون بۆ نەخۆشخانەکان دەگوازرێنەوە و دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوە."

راشیگەیاند، "٦٥ کەس هێشتا نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوتووە، بەڵام تاقیکردنەوە پزیشکییەکان سەلماندویانە کە توشی ڤایرۆسەکە بوون."

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، "رۆژی دووشەممەی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی وڵاتەکەی کە سەرنشینی سەر پاپۆڕەکە بوون گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی و لەوانەش، ٤٠ کەسیان توشی ڤایرۆسەکە بوون."

هاوکات لە دوای ئەمریکا، هەریەک لە وڵاتەکانی کەنەدا، ئوستراڵیا، هۆنگ کۆنگ، کۆریای باشور و بەریتانیا رایانگەیاندووە کە بە زووی هاوڵاتییانی وڵاتەکانیان لەسەر پاپۆڕەکەوە دەگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.

باس لەوەشکراوە، هۆکاری توشبوونی سەرنشینەکان پیاوێکی تەمەن ٨٠ ساڵ بووە کە لە ٢٠ی مانگی رابردوودا لە ژاپۆنەوە سەر پاپۆڕەکە کەوتووە و لە ٢٥ی هەمان مانگدا لە هۆنگ کۆنگ دابەزیوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەکان، لە دوای وڵاتی چینەوە، زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سەرنشینانی پاپۆڕەکەی بەندەری ژاپۆندا تۆمارکراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی سێ هەزار و ٧٠٠ کەس لە سێی ئەم مانگەوە لەناو پاپۆڕەکەدا خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و بۆ تەواوکردنی ئەو ١٤ رۆژەی کە لەلایەن تەندروستیی جیهانی دیاریکراوە بۆ رێگەگرتن لە ئەگەرى زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە زۆرینەیان تاوەکو ١٩ی ئەم مانگە لەناویدا بمێننەوە.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و ٨٧٣ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ زیاتر لە ٧٣ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

هـ.ب