سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى چیرۆکى خێزانێك دەگێرێتەوە کە لەسەر شەقام دەژین

پیرەمەگرون
فۆتۆ: 
2020-02-18

7344 جار خوێندراوەتەوە

لە ناحیەی پیرەمەگرون بەهۆی فشاری حکومەتەوە، خێزانێک کەلوپەلی ماڵەکەیان بردووەتە سەر جادە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی سەرۆکی خێزانەکە ئازاد بکرێت، چونکە دەستبەسەرکراوە.

ماڵەکە لەناحیەى پیرەمەگرونى سەر بەقەزاى دوکانى پارێزگاى سلێمانین و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرى ناحیەوە ئاگادارکراوونەتەوە کە خانوەکەیان چۆڵ بکەن، بە پاساوى ئەوەى کە دەبێت ئەو خانوانەى موڵکى حکومەتن بگەڕێنرێنەوە و لەو کەسانە وەربگیرێنەوە کە ئێستا تیایدا نیشتەجێن، هەربۆیە سێ ڕۆژە سەرۆکى خێزانەکە دەستبەسەرکراوە و بە هاوسەرەکەى وتراوە هەتا خانوەکە چۆڵ نەکەن ئازاد ناکرێت، ئەوانیش تەواوى شتومەکى ناو ماڵەکەیان هێناوەتە دەرەوە و خانوەکەیان چۆڵکردووەو لەشەقامێکى بەردەم ماڵەکەیاندا دایانناوە، لەپێناو ئەوەى کە هاوسەرەکەی ئازاد بکرێت.

کەسوکارى ئەو خێزانە دەڵێن، پێش سێ ساڵ لە خانویەکى زۆر کۆندابوون و مەترسى ئەوەى  هەبووە کە بڕوخێت بەسەریاندا، هەربۆیە بەڕێوەبەرى ناحیەى پێشوو ئەم خانوەى بۆ دابین کردون، بەڵام لەئێستادا داواى چۆڵکردنى دەکرێت و وەک  باسیشى دەکەن، خاوەنى چوار شەهیدن و دوو منداڵیشیان نەخۆشى تالاسیمایان هەیە و دایکى سەرۆکى خێزانەکەش، کە  ئێستا لەگەڵ ئەم کورەیدا دەژى و خاوەنى دووشەهیدە لەناو کەل وپەلى ماڵى کوڕەکەیەوە داوا دەکات ڕەچاوى بارودۆخى تایبەتى کوڕەکەیان بکەن و ئازادى بکەن.

بۆ وەرگرتنى زانیارى سەبارەت بە دەرکردنى ئەو ماڵە ئێن ئاڕ تى پەیوەندى کرد بە بەڕێوەبەرى ناحیەى پیرەمەگرونەوە، ئەویش ڕایگەیاند، ئەوان لایەنى جێبەجێکارن و تەنیا فەرمانى ئەنجومەنى وەزیرانیان جێبەجێکردووە.

وەک خۆیان باسى دەکەن داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە ڕەچاوى سەرماى زستان بکەن و لێیان بوەستن تا جێگایەکى دیکە بۆ ژیان و مانەوەیان پەیدا دەکەن، بەڵام ئیدارەى ناحیەکە داواکەیانى ڕەتکردووەتەوە و داواى ئەوەیان کردووە دەستبەجێ خانوەکە چۆڵ بکەن.

چیرۆکى ئەم خێزانە، هاوشێوەى چیرۆکى دەیان و سەدان خێزانى ترى کوردستانە، ئەوان جگە لەوەى حکومەت نەیتوانیوە شوێنێکى مانەوەو حەوانەوەیان بۆ دابین بکات، بەبیانوى ئەوەى خانووەکەیان موڵکى گشتییە، بەم وەرزى سەرمایە بێلانەى کردوون، لەکاتێکدا بەوتەى بەشێک لەهاووڵاتییان و لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن دەیان و سەدان موڵکى گشتیى هەیە کە لەلایەن حزبەکان و بەرپرسانى حزبەوە داگیرکراون و حکومەت بێدەنگى لێکردوون.

ب.ب