سەردێڕ:

چین زانیاریی نوێی لەسەر توشبووانی کۆرۆنا بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-02-18

10728 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی تەندروستیی چین گەورەترین توێژینەوەیان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە و تێیدا، ئاماژە بە مەترسیدارنەبوونی حاڵەتی ٨٠%ی توشبووان دەکات.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، لە وڵاتی چین، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگرتن لە پەتا توێژینەوەیەکی لەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ بڵاوکردووەتەوە کە ئامار و زانیاریی لەسەر زیاتر لە ٤٤ هەزار توشبوو تێدایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئامارەکاندا، لە ٨٠%ی حاڵەتەکان بە مەترسیدار دانەنراون و هاوکات، لەناو توشبووەکانی کۆرۆنای نوێدا، هەریەک لە کەسە نەخۆشەکان (نەخۆش بە نەخۆشی دیکە، جگە لە کۆرۆنای نوێ) و کەسە بەتەمەنەکانیان لە پلەی یەکەمی ئەوانەدا داناوە کە ڤایرۆسەکە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دادەنێت.

لە توێژینەوەکەدا ئەوەش هاتووە، رێژەی گیانلەدەستدان لەناو ئەو کەسانەی تا ئێستا لە چین توشی ڤایرۆسەکە بوون، بریتییە لە ٢.٣% و لە هەر چوار مردنێکیش، بە نزیکەیی سیانیان لە پارێزگای وهانی ئەو وڵاتەدایە.

باس لەوەشکراوە، "کارمەندانی تەندروستیی مەترسی گەورەیان لەسەرە بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەکە."

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی چین بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە لو چیمینگ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وچانگ لە شاری وهان كە شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوو، بەهۆی توشبوونى بە ڤایرۆسەکەوە گیانیلەدەستداوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و ٨٧٣ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ زیاتر لە ٧٣ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

کۆرۆنا چەند جۆرێکی هەیە و نوێترینیان بە فەرمی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای COVID-19 ناونراوە، ئەوەش لەبەرئەوەی سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوبووەوە.

هـ.ب