سەردێڕ:

ئەشرەف غەنى بە سەرۆک كۆمارى ئەفغانستان هەڵبژێردرايەوە

فۆتۆ: 
2020-02-18

1895 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسيۆنى هەڵبژاردنەكانى ئەفغانستان، بڕيارى كۆتايى سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتييەكانى پێنج مانگ پێش ئێستا راگەياند، بەپێی ئەنجامەکان، ئەشرەف غەنى دووبارە بە سەرۆک کۆمارى ئەو وڵاتە هەڵبژێردرايەوە.

حەوا عالەم نورستانى، سەرۆكى كۆمسيۆنى سەربەخۆيى هەڵبژاردنەكانى ئەفغانستان، لە كۆنفراسێکى رۆژنامەوانيدا كە ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ى شوباتى ٢٠٢٠، لە كابوڵى پايتەخت بەڕێوەچوو رايگەياند، "كارەكانيان دەربارەى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن كۆتاييهاتووە."

نورستانى، دواكەوتنى راگەياندنى ئەنجامەكانى بۆ زۆرى ژمارەى تانەكان گەڕاندەوە و رايگەياند، "سەرجەم تانەكان لەبەردەم چاودێرەكان وربينى و پێداچوونەوەى بۆ كراوە."

راشيگەياند، "ئەشرەف غەنى بە بەدەستهێنانى لەسەدا٥٠.٦٤ى دەنگەكان، دووبارە بە سەرۆک كۆمار هەڵبژێردرايەوە و عەبدوڵا عەبدوڵا بە كۆكردنەوەى لەسەدا ٣٩.٥٢ى لە پلەى دووەمدايە و گوڵبەددين حيكمەتيار بە كۆكردنەوەى سەدا ٣.٨٥ توانى پلەى سێيەمى دەنگەکان بەدەستبهێنێت."

لەبەرامبەردا عەبدوڵا عەبدوڵا، كانديدى سەرۆک كۆمارى ئەفغانستان رايگەياند، "ئەوان دان بە ئەنجامەكاندا نانێن و ئەنجامەكان رەتدەكەنەوە."

راشيگەياند، تا ئەو کاتەى دەنگەكان بە شێوەيەكى شەفاف پێداچوونەوەى پێدانەكرێت ئەو هەڵبژاردنە كاری پێناكرێـت  و وتيشى، "پێويستە دەنگە ساختەكان پوچەڵبكرێنەوە".

لە ٢٨ى ئەیلولى ٢٠١٩، هەڵبژاردنى گشتى لە ئەفغانستان بەرێوەچوو، لە کۆى ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دەنگدەر، نزیکەى دوو ملیۆنیان دەنگیاندا و بەوەش رێژەى بەشدارى دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکەدا لەسەدا ٢٠ بوو، هۆکارى سەرەکیش بەهۆى خراپى دۆخى ئەمنى وڵاتەکەوە بووە، ئەوەش چوارەم هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییە لە ئەفغانستان لەدواى نەمانى دەسەڵاتى بزوتنەوەى تاڵیبان لە ساڵى ٢٠٠١.

ب.ب