سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: شەممەی داھاتوو کاتژمێر سێ خۆپیشاندان دەکەین

فۆتۆ: 
2020-02-18

15926 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، خۆپیشاندان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدرێت. دەشڵێت، "خۆم و خێزانەکەم بەشدار دەبین لە خۆپیشاندانەکەدا."

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، رۆژی شەممە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە، خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکرێت و خۆی و خێزانەکەشی بەشداری دەکەن لە خۆپیشاندانەکان.

دەشڵێت، "بەشداریکردن لە خۆپیشاندان لەبەر تاکە کەسێک نییە و لەبەر هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو لەبەر ئەو دۆخە خراپەیە کە بەسەر هاوڵاتییاندا هاتووە."

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەشداریکردنمان گەیاندنی پەیامێکە بە دەسەڵات کە ئێمە وەکو میللەتی کورد و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناڕازین بەرامبەر بە نەبوونی خزمەتگوزاریی و ئەو هەموو ناهەقییەی کە هەیە."

ئاماژەی بەوەشدا، "بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا مانای ناڕازیبوونە بەو هەموو بێکارییەی کە گەنجەکانمانی تێدایە، بەو هەموو ناڕەحەتییەی کاسبکاران و دوکاندارانی تێدایە و ناڕازیبوونە بە موچەی فەرمانبەران و پاشەکەوتی موچە."

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش بێت وەرنە سەر شەقامەکان و پەیامی ناڕازیی خۆتان بە دەسەڵاتداران بگەیەنن." دەشڵێت، "داواکارم لە ژنان و کچانی ئەم وڵاتەمان کە هاوشانی پیاوان، رۆڵی سەرکردایەتییان هەبێت."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە، "داواکارین لە گەنجان و هەموو چین و توێژەکانی کوردستان کە بە رێژەیەکی زۆر بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن و من خۆم و خێزانەکەم بەشداردەبین لە خۆپیشاندانەکەدا." دەشڵێت"هیوادارم هەرکەسێکیش بەشداریی ناکات، نەبێتە هۆی ساردبوونەوەی هاوڵاتییان و خەڵکی دیکە."

لە کۆتاییدا دەڵێت، "دەسەڵات پێیوایە بێدەنگبوونمان رازیبوونمانە، پێیوایە میللەتی کورد بە هیچ شێوەیەک ناڕەزایەتی دەرنابڕێت و خەڵکی کوردستان هەرچی بەسەردا بێت ئەوا قەت داوای مافی خۆی ناکات و نایەنە سەر شەقامەکان، بۆیە داواکارم هەمووتان بە گڕوتینێکی زۆرە رۆژی شەممە بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم دۆخە چیتر مایەى قبوڵکردن نییە و کار دەکەین بۆ رێکخستنى خۆپیشاندان."