سەردێڕ:

فازڵ میرانی: یەکێتی هەرکەس دەکاتە هاوسەرۆک ئێمە پیرۆزبای لێدەکەین

فۆتۆ: 
2020-02-18

27654 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "یه‌كێتی هه‌ر بڕیارێك بدات و هه‌ر كه‌س ده‌كاته‌ سه‌رۆك یان هاوسه‌رۆكی خۆی ئێمه‌ پیرۆزبایی لێده‌كه‌ین."

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "یه‌كێتی هه‌ر بڕیارێك ده‌دات ئێمه‌ پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین و هیوادارین سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌حمه‌تی مام جه‌لال هه‌مانه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ین و كاریان له‌سه‌ر بكه‌ین."

ئەمڕۆ، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا، دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، هەریەک لە لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکانی ئەو حزبە هەڵبژێردران.

پێشتریش رزگار عەلى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بەکۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسەندکراو بڕیاریانداوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی كاركردن بكه‌نه‌وه‌ هه‌م له‌ ناوخۆی یه‌كێتی و هه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان و عیراق".

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، لەسەر داوای کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی ڕاگیران و تا گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، ئەمڕۆش دوای گەڕانەوەی کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرکردایەتی کۆبووەوە و پەیڕەوی ناوخۆی نوێی حزبەکەی پەسەند کرد.