سەردێڕ:

سەرۆكوەزیرانى هەرێم و سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان كۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-02-18

1236 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانى حکومەتى هەرێمی كوردستان لەگەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان گفتوگۆى لە بارەیەوە كرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ى شوباتى ٢٠٢٠، سەرۆكوەزیرانى هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قوڵكردنەوەی كولتوری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەشكرد.

مەسرور بارزانى وتیشى، "كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بۆتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لە نێویشیاندا كریستیانەكان، كە لەبەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیانیان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركراوە".

لە بەرامبەردا، سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان، رۆڵی گەلی كوردستانیی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و ستایشی حكومەتی هەرێمی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشیپێكردنی هەمووان، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییان.

ب.ب