سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. مەلا عەلی لەبارەی ئەو کەسەی کە رەتیکردەوە چاوی چاکبووبێتەوە قسەدەکات

فۆتۆ: 
2020-02-18

26514 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، محەمەد عامر

مەلا عەلی کەڵەک لەبارەی ڤیدیۆی ئەو کەسەی چاکبوونەوەی چاوی رەتکردەوە دەڵێت، "ئەو گرتەیە فۆتۆشۆپ کراوە و خۆم ڤیدیۆ ئەسڵییەکەم لایە کە وا ناڵێت." دەشڵێت، "ئەگەر رێگەم بدەن لەماوەی دوو مانگدا چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا دەکەم".

مەلا عەلی کەڵەک، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە مەدینە چەند کەسێک هاتن و وتیان چارەسەرمان بکە، منیش وتم هاتووم عەمرەیەک بکەم و بەرپرسان ببینم بۆ کردنەوەی کۆمەڵگەی پزیشکیی، نەک بۆ چارەسەر، بەڵام وازیان نەهێنا و چارەسەرم کردن".

دەشڵێت، چاککردنەوەی چاوی پیرەپیاوەکە "عەرشی" سعودیەی هەژاند و لەسەر ئەو رووداوە تەنیا یەک خولەکیش دەستگیرنەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی چارەسەری پیاوەکەوە قەرەباڵغی درووستبووە و بەرپرسانیش تەنیا وتویانە کە با قەرەباڵغی درووست نەبێت."

دەربارەی چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19)، رایگەیاند، "چارەسەکەی بریتییە لە پێنج سەعات قورئانخوێندن، خواردنەوەی پەرداخێک میزی حوشتر، خواردنەوەی دوو پەرداخ شیر، رۆژانە دووجار خۆیان بە زەیتی زەیتون چەور بکەن و پەرداخێک رۆنی رەشکەش بخۆنەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ڤیدیۆیەکی مەلا عەلی بڵاوکرایەوە و وانیشاندرا کە چاوی پیاوێکی نابینا لەنێو شاری مەدینەدا چاکدەکاتەوە و دواتریش هەواڵی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی سعودیەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام پاش چەند رۆژێک ڤیدیۆیەکی دیکەی پیاوەکە بڵاوکرایەوە کە تێیدا هەواڵی چارەسەرکردنی رەتکردەوە.

هـ.ب